بەشی نێودەوڵەتی: لە کاتێکدا کە دەوڵەتی کاتی دیمەشق خەریکی ڕاکێشانی پاڵپشتی نێودەوڵەتییە، ڕێککەوتنی 10 مارچی ئەحمەد شەرع هێشتا لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتی(هەسەدە) ڕانەپەڕێندراوە و دواکەوتنی ئەو کارە ناڕەزایەتی واشنتۆنی بەدواوە بووە؛ بەتایبەت کە ترامپ بەدوای کشاندنەوەی هێزەکانی لە سووریایە و ناچارە تا سەقامگیریی ئەو وڵاتە، ویستەکەی دوابخات.
بۆ ئەو مەبەستە، تام باراکی نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری سووریا و دەریاوان برێد کۆپێر، فەرماندەی سێنتکام، حەوتەی ڕابردوو سەردانی کوردستانی سووریایان کرد و ئەم دیدارە لە لایەن بەرپرسانی کوردەوە ئەرێنی وەسف کرا؛ ئەگەرچی هاوکات شایەدی شەڕ و پێکدادانی هێزەکانی ئاسایشی کورد لەگەڵ ئەرتەشی سووریا لە حەلەب بووین.
دیارە ئاسایش و داهاتووی سووریا و خەڵکەکەی بەجۆرێک گرێی خواردووە بە ئاوێتەبوونی ئاشتیخوازانەی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە لەگەڵ ناوچەکانی تر و ئەمریکاش بەدوای ڕێگەیەکی بەپەلەیە کە بەبێ شەڕ و بە متمانەی دوولایەنە، ناکۆکییەکان چارەسەر بکات. هەر بۆیە لە قۆناغی یەکەمدا، کوردەکان دەبێ کارەکە بەدەستەوە بگرن و کۆمەڵێک هەنگاوی متمانەساز ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی وەڵامی هاوشێوە لە دیمەشق وەربگرن و بۆ ئەو کارە پێویستە کوردەکان سەروەریی دەوڵەتی ناوەندی سووریا بە سەر هەموو سووریادا بەفەرمی بناسن.
بۆ یەکگرتوویی سووریا گرینگە؟
ئەحمەد شەرعی سەرۆک کۆماری سووریا لە وتاردانی لە کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، جەختی لە یەکپارچەیی وڵاتەکەی و هەڵوەشانەوەی یەکجاریی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان وەک دوو یەکەمەیاتیی ئەو وڵاتە کەردبوو. بەوەشەوە گومانەکان هێشتاش لەجێی خۆیانن؛ گومان لە خۆدزینەوەی دیمەشق لە تەڤڵبوونی بە هاوپەیمانی دژی داعش و کەممەیلبوونی بە ڕیفۆڕمی بنەڕەتی بۆ وەڵامدانەوە، ئاسایش و هاوبەشی سیاسی و ئەمەش پێویستی بە هەوڵی زیاتری بەرپرسانی نوێی ئەو وڵاتە لەپێناو دابینکردنی ئاسایش و باشترکردنی سەروەرییان بە سەر خەڵکی سووریایە.
دیارە کەمینەکانی سووری هەر لەو سۆنگەوە گومانیان لە توانای شەرع بۆ یەکڕیزی و ئیدارەی وڵاتە. کەواتە تەرکیزی سەرەکی دیمەشق بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و یەکڕیزی بە شەقامی کوردەکاندا تێدەپەڕێت؛ ناوچەیەک کە زۆرترین سەرچاوەی نەوتی و گاز و زەویگەلی بەپیتی کشتوکاڵییە.
پرسی دژە تیرۆریزم
لە سەردەمی هێرشی داعش، کوردەکان لە ڕیزی پێسەوەی هاوپەیمانی شەڕ لە دژی تیرۆریزم بوون و ئەوڕۆش هەسەدە، کاراترین هێزی دژە داعش لە سووریا دێتە ئەژمار و لەو سۆنگەوە هاوکاری نزیکی لەگەڵ ئەمریکا هەیە. جگە لەوە هەزارن زیندانی و خێزانی داعشی لە ئۆردووگا و زیندانەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدەدا ڕاگیڕاون. کەچی پەیوەندیی هەسەدە لەگەڵ پەکەکە بۆتە هۆی نیگەرانی و ئەنقەرە هێشتاش هەسەدە بە لقێکی پەکەکە دەزانێت و خوازیاری ئاوێتەبوون یان چەکدانانی ئەو هێزەیە و بەو بیانووە چەندین جار هێرشی کردۆتە سەر سووریا و بەردەوام ئاکار و هەڵسوکەوتی کورد و دیمەشقی لە ژێر چاودێرییە.
هۆکاری سەرەکیی ئاوێتەنەبوون
بەرپرسانی کورد گەلێ جار ڕایانگەیاندووە کە ئامادەی ڕاپەڕاندنی ڕێککەوتنی 10ی مارچ لەگەڵ دیمەشقن، بەڵام کاتێک پێشکەوتێکی ئەوتۆ لەوبارەیە بەدەست نەهاتووە، کوردەکان هۆکارەکانی دەبەنەوە سەر:
1. توندوتیژییەکان هەمبەر بە کەمینەکانی وەک درۆزی،
2. گوشارەکانی تورکیا بۆ سەر دیمەشق لە پێناو گرتنەبەری هەڵوێستێکی توندئاژۆیانە.
3. بڕیاری هەڵاواردنانەی دەوڵەت و لەوان پێداگری لە عەرەببوونی سووریا لە دەستووری کاتیدا.
هەر چەند هۆکاری تریش هەن، وەک سەرکەوتووتربوونی ئیدارەی کوردیی باکووریڕۆژهەڵاتی سووریا لەباری سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەوە بە نیسبەتی ناوچەکانی تر و لەو سۆنگەوە کەمبوونی ئەنگێزەیان بۆ قبووڵکردنی داهاتوویەکی نادیار لە پێکهاتەی دەوڵەتی ناوەندی. پرسێکی تر لەمناوە بەها کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کوردی سووریا وەک سێکۆلاریزم، یەکسانی ڕەگەزی و ڕوانگەی سۆشیاڵیسیتیان جیاوازە لە ڕوانگەی دەوڵەتی ئیسلامخوازی شەرع و کۆمەڵگای نەریتی عەرەب.
هەر بۆیە دیمەشق دەبێ سەرەڕای هەموو کەلێنەکان، زیاتر هەمبەر بە دۆزی کەمینەکان (و لەوان کوردەکان_ دانب بەخۆدا بگرێت و لانیکەمی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ڕەچاو بکات؛ هەڵبەت نابێ چاوەروانی ئەوەش بین کە وڵاتێکی شەڕ لێدراوەی وەک سووریا لە پڕدا ببێتە سیستەمێکی لیبراڵ و فرەئیتنیکی.
هەنگاوەکانی دواتر
واشنتۆن بۆ کڕینەوەی کات لەپێناو چارەسەریی قووڵتری پرسەکانی خۆی و ناوچە، ڕاگرتنی دڵی تورکیا و متمانەدان بە دیمەشق، دەبێ کوردەکان هان بدات کە خێرا هەنگاوەکانی خوارەوە جێبەجێ بکەن:
1. دەرکردنی هێزە ناسوورییەکان لە کوردستانی سووریا بە تایبەت ئەندامانی پەکەکە لە پێکهاتەی سەربازیان.
2. فەرمیکردنی ڕێککەوتنە نافەرمییەکان لەبارەی هەناردەی نەوتی باکووری ڕۆژهەڵات بۆ دیمەشق بەبێ گۆڕینی پشکبەندیی ئێستای.
3. ڕادەستکردنی کۆنتڕۆڵی ڕێڕەگە سنوورییەکان بە دەوڵەتی ناوەندی بە گەڕەنتیی ناردنی یارمەتی سەربازی ئەمریکا بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدە.
4. پێشخستنی خێرای دانوستانەکان لەبارەی گەڕاندنەوەی کۆنترۆڵی پارێزگای دیرەزور بەزۆرینەی عەرەبەوە بە دیمەشق.
هاوکات دەبێ دیمەشق هان بدات بۆ ئەنجامدانی ئەو کارانە هەمبەر بە کوردەکان:
1. هەڵگرتنی هەنگاوی بەرچاو لە بواری ڕاهێنان، ئاسایش و ئیدارەی گەشتگیر.
2. بەفەرمی ناسینی ڕۆڵی هەسەدە لە شەڕی داعش و بەرپرسایەتیی لە ڕاگرتنی زیندانییە بیانییەکان.
3. تەڤڵبوونی فەرمیی بە هاوپەیمانی جیهانی شەڕ دژی داعش بە هاوبەشیی نوێنەرانی هەسەدە.
4. پێشوازی لە قبووڵکردنی بەرپرسایەتیی ئیدارەی ئۆردووگا و زیندانەکانی داعشی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.
5. تەڤڵبوونی بە پلانی ڕاهێنان و تێپەڕین لە ژێر چاودێریی ئەمریکا بۆ بەهرەوەرگرتنی هێزەکان لە ساڵگارێک چالاکیی دژە تیرۆریستیی هەسەدە.
Your Comment